لەیلا بەدرخان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
لەیلا بەدرخان
لەدایکبوون١٩٠٨
مەرگ١٩٨٦
شوێنی گۆڕپاریس، گۆڕستانی سەن کلوو
پیشەھونەرمەندی سەمای بالێ
ھاوسەرئانری تۆواش
مناڵ(ەکان)کچێک بەناوی نەڤین
باوان
خزمەکانبەدرخان بەگ (کچەزا)

لەیلا بەدرخان (١٩٠٨ لە ئەستەمبوڵ - ١٩٨٦ لە پاریس) ھونەرمەندی سەمای بالێ و یەکەمین کچی کورد بووە کە لە مێژووی کوردستان لە بواری ھونەردا دەرکەوتووە.

ژیان[دەستکاری]

لەیلا بەدرخان لە ساڵی ١٩٠٨دا لە ئەستەمبوڵ لە بنەماڵەی بەدرخانییەکان لەدایک بووە. ئەو کچی عەبدولڕەزاق بەدرخان و کچەزای بەدرخان بەگە. لەیلا ساڵی ١٩١٣ دوای دەرچوونی برِیاری قڕکردنی بنەماڵەی بەدرخانییەکان، لەیلا لە تەمەنێکی زۆر بچووکیدا لەگەڵ دایکی ناچار بوونە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی عوسمانی کۆچ بکەن و ڕوو بکەنە میسر و تەمەنی منداڵی لە وڵاتی میسر بەسەربردووە.

دوای شەڕی جیھانیی یەکەم لەیلا بەدرخان لە میسر وەدەرکەوتووە و چووەتە ئەورووپا و لەوێ قۆناخەکانی ژیانی دەستپێکردووە.

لەیلا لە وڵاتی سوێسرا چووەتە بەر خوێندن و لە وڵاتی ئەڵمانیاش پەیمانگای ھونەری بالێی تەواو کردووە و پاشان لە وڵاتی فڕەنسا نیشتەجێ بووە.

ھەڵپەرِکێ و سەما و گۆڤەند ھەر لە منداڵییەوە سەرنجی لەیلایان ڕاکێشاوە، بۆیە لەیلا کە ھێشتا منداڵ بووە بە ڕێگای سەیرکردنی سەمای ژنانەوە بە شێوەیەکی سروشتی خۆی فێری سەماکردن کردووە و زۆر خولیای سەماکردن بووە. بەتایبەتیش دوای نیشتەجێبوونی لە ئەورووپا ھەموو ئامانج و حەز و خولیا و مەبەستی ژیانی سەماکردن و خوێندن و لێکۆڵینەوە بووە لە سەماکردن و ئافراندن بووە لە ھونەری بالێدا بەتایبەتیش ئەو سەمایانەی کە لەیلا بەدرخان نمایشی دەکردن ھیچ سەرچاوە و بنەمایەکی نەبووە، بەڵکو داھێنانی بیر و ئارەزووەکانی خودی لەیلا بوونە، کە شێوازی تایبەت و زۆر سەرنجڕاکێش بوونە.

لەیلا بەدرخان لە ساڵی ١٩٣٠ تا سەرەتای ساڵانی ١٩٤٠ەکان سەما سەرنجڕاکێش و پرِ لە جەماوەرییەکەی خۆی لە وڵاتانی نەمسا، ئەڵمانیا، سوێسرا، فڕەنسا، بەلجیکا، ئیتالیا پێشکەش کردووە. ھەروەھا لەیلا بەردخان بۆ نمایشکردنی سەما جوانەکانی بانگھێشتی ئەمریکا و کەنەدا و زۆر وڵاتی تریش کراوە. لەیلا بەدرخان وەک کچێکی کورد کاریگەرییەکی زۆری ھەبووە لەخۆ نمایشکردنیدا لە ھونەری بالێ بەتایبەتیش لەناو خەڵک بە شازادەی کورد دەناسرا. لەیلا بۆ خۆیشی ھەمیشە و بەوپەرِی شانازییەوە خۆی وەکوو کچە کوردێک و خەڵکی کوردستان ناساندووە. نامە مێژووییەکانی لەیلا بەدرخان ئەو ڕاستییانەمان بۆ دەسەلمێنن. ھەروەھا بنەماڵە تێکۆشەرەکەی بەدرخان پاشا کاریگەرییەکی زۆریان ھەبووە بۆ وەدەرکەوتنی لەیلا وەک کچە ھونەرمەندێکی کورد.

لەیلا تەمەنی زۆر بچووک بووە، کە "عەبدولڕەزاق بەدرخان"ی باوکی کۆچی دوایی کردووە، وەلێ عەبدولڕەزاق کاریگەرییەکی زۆری بەسەر لەیلای کچی بەجێھێشتبوو. عەبدولڕەزاق بەدرخان تاکە ڕێبەری کوردە کە لە ماڵەکەی خۆیدا پیانۆی ھەبووە.

لەیلا بەدرخان کچە کوردێکی ڕووناکبیر و دیرۆکزانیش بووە. زۆر حەزی بە خوێندنەوەی لاپەڕِەکانی مێژوو بووە. ئەو لێکۆڵینەوەی لەسەر مەراسیمەکانی ئایینی زەردەشتی، ئایینە کۆنەکانی ئێران و میسر و ھیند و سەماکانی ئایینی ڕۆژھەڵاتی کردووە.

لەیلا بەدرخان توانی وەک یەکەم کچە ھونەرمەند و یەکەم ژنە ھونەرمەندی کورد بە ناسنامەی نەتەوەکەیەوە بچێتە لاپەرِەکانی دیرۆکی جیھانەوە، ئەلبوومە مێژووییەکانی جیھان و ئەرشیفخانەکان پڕِن لە وێنە جوانەکانی خۆنمایشکردنی شازادەی کوردان لەیلا بەدرخان.

لەیلا بەدرخان دوای ئەوەی تەمەنی بەرەوژوور ڕۆیشتووە، نەیتوانیوە چیتر بەردەوام بێت لەسەر نمایشکردنی ھونەری بالێ و سەما جوانەکانی، بەڵام بەردەوام بووە لە کاری ڕۆشنبیری و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە تا دواجار لە ساڵی ١٩٨٦ لە پاریسی پێتەختی فەڕەنسا ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]