عەلی مستەفا مووشەرەفە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
عەلی مستەفا مووشەرەفە
بە عەرەبی: علي مصطفي مشرفة
لەدایکبوون١١ی تەممووزی ١٨٩٨
دیمیات، میسر
مردن١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٥٠(١٩٥٠-٠١-١٦) (٥١ ساڵ ژیاوە)
قاھیرە، میسر
ناوی کاتی لەدایکبوونعلي مصطفى عطيه مشرفة
ھۆی مەرگسستبوونی دڵ
زمانی زگماکیعەرەبی
زمانەکانی ئاخاوتنئینگلیزی، عەرەبی
پیشەفیزیکزان، بیرکار
بواری کارفیزیک
شوێنی کارکردنزانکۆی قاهیرە
پۆستەکانڕاگر
پەروەردەکۆلێژی کینگ لەندەن، زانکۆی نۆتینگھام
Academic thesisتیۆری کوانتەمی کاریگەرییەکانی ستارک و زیمان
ڕاوێژکاری دکتۆرائۆون ویلانس ڕیچاردسن
خوێندکارسەمیرە مووسا
دانیشتوویقاھیرە
شاکارەکانکتێبی جەبر و مووقابەلەت

عەلی مستەفا مووشەرەفە پاشا (١١ی تەممووزی ١٨٩٨ – ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٥٠) زانایەکی فیزیایی تیۆری میسری بووە. لە شاری دیمیات لەدایکبووە. پێی دەوترێت ئاینشتاینی عەرەب چونکە لێکۆڵینەوەکانی لە ھەمان بواردا بووە و ھەمان ئەو بابەتانە بووە کە لێکۆڵینەوەکانی ئەلبێرت ئاینشتاین لەسەری بووە. لە ساڵی ١٩١٧ لە قوتابخانەی باڵای مامۆستایان دەرچووە، و لە ساڵی ١٩٢٣ بڕوانامەی دکتۆرای فەلسەفەی زانستی لە زانکۆی لەندەن بەدەستھێناوە، دواتر یەکەم میسری بووە کە بڕوانامەی دکتۆرای زانستی لە ئینگلتەرا بەدەستھێناوە لە زانکۆی لەندەن لە ساڵی ١٩٢٤، وەک مامۆستای بیرکاری لە قوتابخانەی باڵای مامۆستایان و دواتر لە بیرکاری تەتبیقی لە کۆلێژی زانست دەستنیشانکرا لە ساڵی ١٩٢٦. لە زانکۆی قاھیرە نازناوی پرۆفیسۆری پێبەخشرا کاتێک تەمەنی لە خوار سی ساڵەوە بوو. لە ساڵی ١٩٣٦ بە ڕاگر (عەمید)ی کۆلێژی زانست ھەڵبژێردرا و بەم شێوەیە بووە یەکەم ڕاگری میسری. نازناوی پاشای لە مەلیک فارووقەوە وەرگرتووە. کۆمەڵێک زانای بەناوبانگی میسریش لەژێر دەستیدا خوێندوویانە، لەوانە سەمیرە مووسا.

ژیان[دەستکاری]

پەروەردە و فێربوون[دەستکاری]

عەلی مستەفا مووشەرەفە لە ١١ی تەممووزی ساڵی ١٨٩٨ لە شاری دیمیات لە میسر لەدایکبووە، کوڕە گەورەی مستەفا مووشەرەفە بووە، کە یەکێک بووە لە کەسایەتییە دیار و دەوڵەمەندەکانی ئەو شارە و یەکێک بووە لەو کەسانەی کە شارەزای زانستە ئایینییەکان بووە بە کاریگەریی بیرۆکە عەقڵانییەکانی جەمالەددین ئەفغانی و محەممەد عەبدە لە تێگەیشتن لە ئیسلام و بەرەنگاربوونەوەی بیدعە و خورافاتەکان، ئەو یەکێک بووە لە زانایانی بەئەمەک لە ئاییندا و شوێنکەوتوو و مووریدی ھەبوو کە ناویان نابوو (خاوەن عەقیدەی پێنجەم).

یەکەم وانەکانی لە دایکی و پاشان لە قوتابخانەی «ئەحمەد ئەلکوتەیبی» وەرگرتووە، ھەمیشەش یەکێک بووە لە یەکەمەکان لە خوێندندا، بەڵام لە منداڵی بێبەش بووە لە ھەموو خۆشیەکانی. کە لەبارەیەوە دەڵێت:

«من لە منداڵیدا خەباتم دەکرد بۆ ئەوەی لە پێشەنگدا بم، بۆیە منداڵیم لە ھەموو خۆشییەک بێبەش بوو. لەو تەمەنەدا فێربووم کە یاریکردن کات بەفیڕۆدانە (وەک دایکی دەیگوت من لە تەمەنێکی خۆش و چێژوەرگرتندا فێری شکۆ و ئارامی بووم تەنانەت ڕاکردنیشم بە دوورکەوتنەوە لە شکۆ دادەنا).»

باوکی لە ٨ی کانوونی دووەمی ١٩١٠ کۆچی دوایی کرد، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٠٧دا سامانەکەی لە پێشبڕکێی لۆکەدا لەدەستدا، زەوی و پارەکەی و تەنانەت ماڵەکەی لەدەستدا. بە کۆچی دوایی باوک، کوڕەکە، عەلی کە ھێشتا تەمەنی دوانزە ساڵ نەبوو، بوو بە سەرۆکی بنەماڵەکەی کە پێکھاتبوو لە دایکی و براکانی، نەفیسە، مستەفا، عەتیە، حەسەن، خێزانەکە ڕوویان لە قاھیرە کرد لەگەڵ داپیرەی دایکیان، کە شوقەیەکیان لە گەڕەکی مووحی بەگ لە عەبدین بە کرێ گرت.


لە کاتێکدا عەلی پەیوەندی بە قوتابخانەی ناوەندی عەباسییە کردووە لە ئەسکەندەریە، لەوێ ساڵێک لە بەشی بەشەناوخۆیی بێبەرامبەر بەسەر بردووە. پاشان ڕووی لە قوتابخانەی سەعیدیە کردووە لە قاھیرە بە خۆڕایی بەھۆی زیرەکییەکەی، لە ساڵی ١٩١٢ بەشی یەکەمی بڕوانامەی قوتابخانەی ناوەندی (توانایی) بەدەستھێناوە، و بەشی دووەمی (بەکالۆریۆس) لە ساڵی ١٩١٤. پلەی دووەمی بەدەستھێناوە لە تەواوی وڵاتی میسردا، کە لە تەمەنی شانزە ساڵدا بوو و ڕووداوێکی ناوازە بوو لە جیھانی پەروەردەدا لە میسر لەو کاتەدا، و ئەم نایابییە وای لێکرد (بەتایبەت لە بابەتە زانستییەکاندا) بتوانێت ناوی خۆی تۆمار بکات لە ھەر قوتابخانەیەکی باڵا کە خۆی ھەڵدەبژێرێت، وەک پزیشکی یان ئەندازیاری، بەڵام پێی باشتر بوو پەیوەندی بە کۆلێژی باڵای مامۆستایانەوە بکات، کە دوای سێ ساڵ بە پلەی یەکەم دەرچوو، بۆیە وەزارەتی پەروەردە ئەوی ھەڵبژارد بۆ نێردراوێکی زانستی بۆ بەریتانیا لەسەر حسابی وەزارەت.

مردن[دەستکاری]

لە ١٥ی کانوونی دووەەمی ١٩٥٠ بەھۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کردووە و گومان ھەیە لەسەر مردنی؛ پێدەچێت بە ژەھراوی بوون مردبووبێت یان یەکێک لە نوێنەرانی شا فارووق لە پشت مردنەکەیەوە بووبێت، ھەروەھا پێدەچێت یەکێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی مووسادی ئیسرائیل بووبێت. بەڵام کتێبی دکتۆر عەلی مستەفا مووشەرەفە: «سامانێک جیھان لەدەستچوو» کە لەلایەن براکەیەوە، دکتۆر عەتیە مووشەرەفە نووسراوە ئەم دەنگۆیانە بە تەواوی ڕەتدەکاتەوە و پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئاساییانە مردووە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەشداربووانی ویکیپیدیا، «علي مصطفى مشرفة»، ویکیپیدیای عەرەبی. سەردان لە ٥ی ٤ی ٢٠٢٤.